كرماشان.. بە تۆمەتی سوكایەتی بە قاسم سولەیمانی كارمەندێكی زانكۆ دەستگیركرا

18/12/2020

نەوا
دادوەری گشتیی حكومەتی ئێران لە پارێزگای كرماشانی رۆژهەلاتی كوردستان رایگەیاند، لەسەر سوكایەتی بە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس كارمەندێكی یەكێك لە زانكۆكانی پارێزگاكەیان دەستگیركردووە.
شەهرام كەرەمی بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو دەستگیركراوە بكات، باسی لەوەكردبوو، كە ئەو كارمەندەی زانكۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا سوكایەتی بە قاسم سولەیمانی كردووە.
هاوكات بەشێك لە چالاكوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویانكردەوە، كە ئەو كارمەندەی زانكۆ لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام رەخنەی توندی لە زەینەب سولەیمانی كچی قاسم سولەیمانی گرتووە و بەرگرییشی لە روحولا زەم رۆژنامەنوسی بەرهەڵستكار كردووە، كە رۆژی شەممەی رابردوو لەسێدارەدرا.
پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئێران بە تۆمەتی سوكایەتی بە قاسم سولەیمانی و دڕاندنی وێنەكانی رۆژنامەنوسێكیان لە پاوە و چوار گەنجیشیان لە بانە دەستگیركردبوو.
بەرەبەیانی رۆژی سێی كانونی دووەمی ئەمساڵ لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوژران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group