نێچیرڤان بارزانی: ناکرێت هەرێمی کوردستان وەکو پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت

19/01/2021

نه‌وا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ناکرێت هەرێمی کوردستان وەکو پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت.
 رۆژی سێشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
 نێچیرڤان بارزانی سوپاسی تورکیای کرد بۆ هاوکارییەکانی لە شەڕی دژی داعشدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و دووپاتی کردەوە کە "ناکرێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەکو پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت و هیوای خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، هەروەها شاندی میوانی دڵنیا کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت".
 لە کۆبوونەوەکەدا جێگرانی سەرۆک، وەزیری پێشمەرگە، سوپاسالاری هەرێمی کوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئامادە بوون و باس لە سەردان و دیدارەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا، هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
 پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا، دۆخی ناوچەکە بەگشتی، رێککەوتنی شەنگال و گرنگیی جێبەجێکردنی، گرنگیی پاراستنی سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group