واده‌ی جێهێشتنی كۆشكی سپی لەلایەن ترامپەوە ئاشكراكرا

20/01/2021 جیهان

نەوا-
كۆشكی سپی ئەمریكا ئاشكرایكرد، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ماوە بەسەرچو و میلانیای هاوسەری، كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی بە كاتی واشنتۆن كۆشكی سپی جێدەهێڵن.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 20/1/2021 ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی ئەمریكا بكرێت و كۆتایی بە ولایەتی "دۆناڵد ترامپ" بێت و "جۆ بایدن" براوەی هەڵبژاردنەكان وەك 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكاربێت.
لای خۆیەوە كۆشكی سپی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە، بڕیارە كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی هەمان رۆژ بەكاتی واشنتۆن دۆناڵد ترامپ و میلانیای هاوسەری كۆشكی سپی جێبهێڵن.
پێشتریش ترامپ وتاری ماڵئاوایی پێشكەش كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كابینەی داهاتوی حكومەتی ئەمریكا خواست، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی تائێستا دۆڕانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە و پێی وایە ساختەكاری گەورە كراوە.
بڕیارە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بەكاتی رۆژهەڵاتی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا بە فەرمی بناسرێت و سوێندی یاسایی بخوات و لەكاتی مەراسیمەكەشدا دۆناڵد ترامپ ئامادە نابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group