نێچیرڤان بارزانی: شانازی بە سەردانەكەی پاپاوە دەكەین

07/03/2021

نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكاتی پێشوازیكردن لە پاپای ڤاتیكان وتی: بە هەمو پێكهاتەكانی كوردستانەوە شانازی بە سەردانەكەوە دەكەین و بڕوای تەواومان بە ئازادی و فرەئایینی هەیە.
نێچیرڤان بارزانی دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە پاپا فرانسیس كرد لە وتەیەكدا وتی: بەناوی هەرێمی كوردستانەوە زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی قەداسەتی پاپا فرانسیس دەكەین، سەردانیان روداوێكی مێژویی مەزنە و جێگەی ئەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییە.
ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە بە هەمو پێكهاتەكانی كوردستانەوە شانازی بە سەردانەكەی دەكەین، بڕوای تەواومان بە ئازادی و فرەئایینی هەیە، لێبووردەیی، پێكەوەژیان و یەكدی قبووڵكردنی نێوان پێكهاتەكان ناسنامە و كولتوری كوردستانییانە و بە هەمو توانایەكیانەوە بەرگری لەو پێكەوەژیانە دەكەن و هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین.
لەلایەكی ترەوە لەمیانەی كۆبونەوەی لەگەڵ پاپا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: هیوادەخوازێت سەردانی پاپا فرانسیس برایەتی و پێكەوژیان لە نێو ئاینەكان پتەوتر بكات، شانازی بە فەرهەنگی پێكەوە ژیان دەكەین، فەرهەنگی پێكەوەژیانمان برایەتی و خۆشەویستی زیاتر كردوە.
هێمای بۆ ئەوەشكردبو: بەناوی هەمو پێكهاتەكانی كوردستانەوە پێشوازیت لێ دەكەین و سەردانەكەی ئێوە جێگەی رێزی زۆری ئێمەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group