لەسلێمانی هەڵمەتی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا دەستیپێكرد

07/03/2021

نەوا-
هەڵمەتی كوتانی دژە كۆرۆنا لەشاری سلێمانی دەستیپێكرد و دكتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاكەش یەكەم كەس بو كە ڤاكسینەكەی وەرگرت.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دەستیكرد بەهەڵمەتەكە و قۆناغی یەكەمیش كارمەندانی سەنتەرەكانی كۆرۆنا، و كارمەندانی تەندروستی و بەتەمەنەكان و ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە گرتەوە. 
لای خۆیەوە دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، كارمەندانی تەندروستی، و هێزە ئەمنیەكان، و كەسە بەتەمەنەكان لەریزی پێشەوەی ئەو كەسانەن كە ڤاكسین لەهەرێمی كوردستان وەردەگرن، و  هەر هاوڵاتیەك دوو ژەمە ڤاكسین وەردەگرێت و ماوەی نێوان هەردوو ژەمەكەش 21 رۆژ دەبێت.
رونیشیكردەوە، لەئێستادا 5 هەزار ڤاكسینی كۆرۆنا لەسەرجەم سەنتەرەكانی تایبەت بەكۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێت و لەچەند رۆژی داهاتوشدا ژمارەیەكی زیاتری ڤاكسینی فایزەر و سینۆفارم دەگاتە هەرێمی كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group