پێرێس: نیگەران نەبوین لە كشانەوە چەند یانەیەك لە خولی سوپەری ئەوروپی

21/04/2021 وەرزش
نەوا
فلۆرەنتینۆ پێرێس سەرۆكی خولی سوپەری ئەوروپی جەخت لەوەدەكاتەوە: نیگەران نەبون لەوەی كە چەند یانەیەك لە خولەكە كشاونەتەوە.
لەماوەی رابردودا 12 یانەی گەورەی جیهان خولێكی نوێیان بەناوی "خولی سوپەری ئەوروپی" راگەیاند و ئەوەش رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە كودەتا ناوبرا و یەكێتی تۆپی پێی جیهان و یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا و چەندین كەسایەتی و یەكێتی تر دژی وەستانەوە، بەهۆی ئەوەشەوە چەند یانەیەك كشانەوە و چەند یانەیەكی تر بەنیازی كشانەوەن.
لای خۆیەوە فلۆرەنتینۆ پێرێس سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید و سەرۆكی خولەكەش بە رۆژنامەی "لیكیپ"ی فەرەنسی وتوە: نیگەران نەبوین لە كشانەوە چەند یانەیەك لە خولەكە، پەستان نەخراوەتە سەر هیچ یانەیەك و باردۆخەكە زۆر جدییە و هەموان دەیانەوێت بەگەنە چارەسەر.
رونیشیكردوەتەوە: پێویستمان بەوەیە یانەكانی "بایەرن میونخ" و "پاریس سانجێرمان" بانگهێشت بكەین لەكاتێكی گونجاودا و دڵنیاین كە پەیوەندی دەكەن، بەڵام تائێستا قسەمان لەگەڵیاندا نەكردوە، ئێمە دژی تۆپی پێ نین بەڵكو دەمانەوێت رزگاری بكەین، ئەگەر كارێك نەكەین ئەوا تا كۆتایی 2024 كۆتایی بە هەمومان دێت.
سەرۆكی خولی سوپەری ئەوروپی هێمای بۆ ئەوەشكردوە: كاتێك پارەت دەبێت دەتوانین ئەوە پیشان بدەیت كە لەگەڵ هەمواندایت، بەڵام یوفا بە پاوانخوازییەكەی نایەوێت هیچ شتێك بگۆڕێت، چونكە خۆشی لە تایبەتمەندییەكانی خۆی دەبینێت و تۆپی پێش قۆناغ بە قۆناغ دەمرێت، لەگەڵ ئێمەدا یانە گەورەكانیش پارەی  زۆر وەرەگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group