یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كار لەسەر "گرێبەستی سەدە" دەكات

23/06/2021 وەرزش

نەوا-
 لەگەڵ ئەوەی جامی ئەوروپا دەچێتە قۆناغی كۆتاییەكانیەوە و جیهانی تۆپی پێ سەرقاڵە، یانەی بەرشەلۆنە ئیسپانی بە سەرۆكایەتی خوان لاپۆرتا، كار لەسەر "گرێبەستی سەدە" دەكات.
 بەپێی چەند سەرچاوەیەك لاپۆرتا بە دوای تەواوكردنی مامەڵەیەكی " سەرسوڕهێنەر " دایە، كە واژۆكردنی گرێبەستە لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، بۆ ئەوەی شان بەشانی كاپتن لیۆنێل میسی یاری بكات.
 بە پێی هەواڵی ڕاگەیاندنەكان لەم دواییانەدا ئەو مامەڵەیە نزیك دەبێتەوە لە ڕاستی، بیرۆكەكە ئەو كاتە لە لای لاپۆرتا دروستبوو، كە یۆڤانتۆس ماسیمیلیانۆ ئەلیگری كرد ڕاهێنەری یانەكە، كە هیچ پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ ڕۆناڵدۆدا نییە .
ڕۆناڵدۆ یەكەم وەرزی خۆی لەیۆڤانتۆس لەگەڵ ئەلیگری بەسەربرد، بە جۆرێك ئەو ئاستەی پێشكەشی كرد، بەو جۆرە نەبوو كە لێی چاوەڕێ دەكرا، بەتایبەتی بەهۆی شێوازی بەرگریكاریەوە. 
هەر بە پێی چەند زانیارییەك لەگەڵ هاتنی ئەلیگری، یانەی یۆڤانتۆس بیر لە فرۆشتنی ڕۆناڵدۆ دەكاتەوە كە گرێبەستەكەی لەهاوینی 2022 بەسەردەچێت، بۆئەوەی بەخۆڕایی یانەكە جێنەهێڵێت .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group