نەتەوەیەكگرتوەكان: لەمساڵدا بەهۆی شەڕ لە ئەفغانستان زیاتر لە پێنج هەزار مەدەنی بوونە قوربانی

26/07/2021 جیهان

نەوا-
نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە ئەفغانستان رایگەیاند، بە قورستربوونی شەڕ لە ئەفغانستان لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە پێنج هەزار مەدەنی بوونە قوربانی.
بەپێی راپۆرتێكی نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە ئەفغانستان (یوناما) لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا هەزار و 659 هاوڵاتی مەدەنی لەو وڵاتە كوژراون و سێ هەزار و 254 كەسیش برینداربوون.
رونیشیكردوەتەوە، بە بەراورد لەگەڵ نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوو ژمارەی قوربانیانی مەدەنی شەڕ و توندوتیژییەكانی ئەفغانستان بە رێژەی 47% زیادی كردووە.
ئەوەش خستوەتەڕوو، كە لە مانگی ئایارەوە و دوای دەستپێكردنی كشانەوەی هێزە بیانیەكان، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی چەند هێندە زیادی كردووە.
نەتەوەیەكگرتوەكان روونیشیكردوەتەوە، 39%ی قوربانیانی مەدەنی لە لایەن تالیبانەوە كراونەتە ئامانج، بەڵام ئەو بزوتنەوەیە رەتیدەكاتەوە و جەخت لە پابەندبوونی بە یاساكانی جەنگ و پاراستنی كەسانی مەدەنی دەكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group