نەوا
سەرۆکایەتی پەرلەمانی تونس بڕیاری قەیس سەعید، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە، دەربارەی
سڕکردنی چالاکییەکانی پەرلەمان و دوورخستنەوەی ھاشم مەشیشی سەرۆکوەزیران، لە
ئەرکەکەی بە تەواوەتی رەتکردەوە و بە توندی سەرکۆنەی کرد.
سەرۆکایەتی
پەرلەمانی تونس لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە نووسینگەی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی
راشید غەنووشی سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەی بزووتنەوەی نەھزە، کۆبوویەوە و دوای
کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی لە بارەی بڕیارەکانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.
لە
راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "سەرۆکایەتی پەرلەمان بە کۆی دەنگ بڕیارەکانی قەیس
سەعید بە تەواوەتی رەتدەکاتەوە و بە توندی سەرکۆنەی دەکات".
لە بەشێکی
دیکەی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "سەرجەم بڕیارەکانی سەعید
ناڕەوان" و تێیدا ھاتووە:"دەستوور لە رێگەی ئەم بڕیارانەوە بەشێوەیەکی
جیددی پێشێلکراوە، لێکدانەوەی ھەڵە بۆ ماددی 80ی دەستوور کراوە و دەنگۆی بێ بنەما
لە بارەی ھەبوونی رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر ئەم بڕیارانە خراونەتەڕوو".
لە
راگەیەندراوەکەدا ئەوەش دووپاتکراوەتەوە کە سەرۆک کۆمار دەبێت بەرپرسیارێتی
ئەخلاقی، یاسایی و تاوانی ئەم بڕیارانە بگرێتە ئەستۆ.