نوری مالیكی: هەڵبژاردنی پێشوەختە داوایەكی مەرجەعیەت و هاوڵاتیانە

29/07/2021 عێراق

نەوا-
نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختە داوایەكی مەرجەعیەتی باڵا و هاوڵاتیانە بۆیە لە پرۆسەكە ناكشێنەوە. 
نوری مالیكی لە تویتێكدا بڵاویكردەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی لە كاتی خۆیدا ئەنجامدەدریت و هەڵوێستی ئەو لایەنانەی كە باس لە بایكۆتكردنی پرۆسەكە دەكەن ڕێزی لێگیراوە، بەڵام ئەمە هەڵوێستی تایبەتی خۆیانە و نابێت بەسەر لایەنەكانی دەكەدا بسەپێنرێت، كە دەیانەوێت بەشداری لەو پرۆسەیە بكەن.
نوری مالیكی وتیشی، هەڵبژاردنی پێشوەختە داوایەكی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق و مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانە و پێویستە حكومەت لە پێناو سەرخستنی پرۆسەكەدا دۆخێكی گونجاوی ئەمنی دەستەبەر بكات.
لە رۆژانی رابردوودا هەر یەك لە موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر، حزبی شیوعی، بەرەی دیالۆگی نیشتمانیی بەسەرۆكایەتی ساڵح موتەڵەگ و هاوپەیمانی مینبەری عێراقی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی بایكۆتكردنی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكانی پێشوەختە لە عێراق راگەیاندوە.
لای خۆیەوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەختی لەوەكردوەتەوە، كە لە 20 حوزەیرانەوە دەرگای كشانەوە داخراوە و " "ئەو لایەنانەی كە لەئێستادا لە هەڵبژادنەكانی پێشوەختەدا كشاونەتەوە، بڕیارەكانیان ھیچ بەھایەكی یاسایی نییە."
بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group