هەولێر.. سێ لە بكوژانی فەرماندەیەكی حزبی دیموكرات سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپێنرا

02/08/2021
نەوا
سێ لە بكوژانی فەرماندەیەكی حزبی دیموكراتی كوردستان لە دادگای تاوانەكانی هەولێر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا.
رۆژی دووشەممە لە دادگەی تاوانی هەولێر/2 سێ لە تۆمەتبارانی كوشتنی قادر قادری فەرماندەی حزبی دیموكراتی كوردستان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و دوو لە تۆمەتبارانیش سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
لەو بارەوە  ئەیاد كاكەیی، بەرپرسیی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی تیرۆركردنی قادر قادری رایگەیاند: " تاوانبارانی سەرەكی دانیان بەوە داناوە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە لە وڵاتێكی بیانی  پلانی كوشتنی قادر قادرییان جێبەجێكردووە". 
پێشتر سۆهراب رەحمەتی، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی قادر قادری رایگەیاندبوو، لە دانیشتنی دادگە لە رۆژی دووشەممەی رابردوو سێ كەس دانیان بەوە داناوە كە لە بەرامبەر بەڵێنی وەرگرتنی یەك ملیار تمەن (40 هەزار دۆلار) ئەو كارەیان كردووە. 
رۆژی 7-3-2018 تەرمی قادر قادری، كادیر و یەكێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەی بالیسان دۆزرایەوە. ئەوكات حدك سوپای پاسدارانی بە كوشتنی ئەو فەرماندەیەی تۆمەتبار كرد و دواتر لەسەر ئەو تاوانە پێنج كەس دەستگیركران.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group