یاریزانیكی پێشووی فەرەنسا دوای 39 ساڵ لە بێهۆشی گیانیلەدەستدا

07/09/2021 وەرزش

نەوا-
جین پییرێ ئادەمس یاریزانی پێشوی هەڵبژاردەی تۆپی پێی فەرەنسا لەدوای تێپەڕاندنی 39 ساڵ بە بێهۆشی, لە تەمەنی 79 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. 
ئادەمس دوای ئەوەی لە ساڵی 1982 نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆكرا، بە هۆی هەڵەیەكەوە لە كاتی بێهۆشكردنی هەرگیز بەئاگا نەهاتەوە.
ئەو یاریزانە كە بە رەچەڵەك سنیگاڵ بوو، لە نێوان ساڵانی 1972- 1976 لە هەڵبژاردەی فەرەنسادا بەشداری لە 22 یاری كردبوو، هەروەها دەیان یاری بۆ یانەكانی نیس و پاریس سان جێرمان و چەند یانەیەكی تر ئەنجامداوە.
یانەی پاریس سان جێرمان لە راگەیەنراوێكدا بە بۆنەی كۆچی دوایی ئادەمسەوە ستایشی لێهاتوویی، كاریزمایی و ئەزمونی ئەو یاریزانەی كردووە.
هەرچی سەبارەت بە هەڵەی پزیشكی كاتی بێهۆشكردنی ئەو یاریزانەیە لە ژوری نەشتەرگەری، هەڵەكە ببووە هۆی زیانگەیاندن بە دڵ و مێشكی و بۆ ماوەی 15 مانگ بە بێهۆشی لە نەخۆشخانە بوو، دواتر رادەستی بنەماڵەكەی كرا و لە ماڵەوە خرابووە ژێر چاودێرییەوە.
ئەو پزیشكانەشی لە هەڵەی بێهۆشكردنی ئەو یاریزانەوە تێوەگلابوون، دواجار لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، بە هۆی كەمتەرخەمیەكەیانەوە بە مانگێك دوورخستنەوە لە كار و پێبژاردن بە بڕی 750 یۆرۆ سزادران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group