نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەربڕی

09/09/2021 جیهان

نەوا
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بە بەردەوامی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کردووە و نیگەرانی خۆیشی لە هەڵکشانی ئەو پێشێلکاریانە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو دەربریوە.

 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا بۆ کۆمەڵەی گشتیی ئەو ریکخراوەیە باسی لەوەکردووە، کە یەک ساڵی رابردوودا و لە ئەنجامی خۆنەگونجاندنی حکومەتی تاران لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان، قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رەوشی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە خراپتر بووە و ئەمەش مایەی نیگەرانییە.
هەر لە راپۆرتەکەدا باس لە بەکارهێنانی هێز بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئێران کراوە و رەخنە لەمامەڵەی هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەی گیراوە لەگەڵ چالاکوانان، رۆژنامەنوسان، ژنان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە.
گۆتێرێس داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، کۆتایی بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و پێشێلکردنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بهێنن و رێگەش بدەن بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بێلایەنانە لە بارەی ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافی بەندکراوان لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە.
لەبەرامبەردا دەستەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەو راپۆرتەی بە سیاسی و بێ بایەخ ناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان پشتی بە سەرچاوە و زانیاری ساختە و ناڕاست بەستووە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group