سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردان و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و کۆبووەوە

16/09/2021
نەوا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردان و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و کۆبووەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە ناوچەکە قسەیان کرد.
رۆژی پێنج شەممە لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ بەریتانیا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لۆرد جۆن ماکفۆل، سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا کۆبووەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا رایگەیاند، لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی داوای لە پەرلەمانی بەریتانیا کردووە هاوکاربن لە پتەوکردنی دیموکراسی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
 دواتر سەرۆکی هەرێم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبوەوە و لەو بارەوە لە تویتێکدا رایگەیاند، "لەگەڵ لیز ترەس، وەزیری نوێی دەرەوەی بەریتانیا کۆبوومەوە، لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا وەکو باڵاترین دیپلۆماتی بەریتانیا و بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەیەوە پیرۆزباییم لێکرد. ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی چۆنێتیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بەهێزەکانمان و پاڵپشتیی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان، سەقامگیریی ناوچەکە و پرسە هەنووکەییەکانی دیکە کرد".
 لیز ترەس کە پێشتر وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بەریتانیا بوو، رۆژی چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021 لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی کابینەی حکومەتی بەریتانیا لەلایەن بۆریس جۆنسنەوە وەکو وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرا.
 رۆژی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەریتانیا و بڕیارە رۆژی هەینی لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group