هەرسێ‌ وەزیری پەروەردە، خوێندنی باڵا و دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن

23/10/2021

نەوا-
بایكۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامە و گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەرسێ‌ وەزیری خوێندنی باڵا و پەروەردە و دارایی بانگهێشت دەكەن و یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆ لەگەڵیاندا كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەبێت.
ماوەی چەند رۆژێكە مامۆستایانی وانەبێژ بایكۆتی خوێندنیان كردووە و لە شارو شارۆچكەكانی هەرێم خۆپیشاندانەكانیان بەردەوامە و رۆژی شەممەش خۆپیشاندانیان بردە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و داوای دامەزراندن و هەژمار كردنی ساڵانی خزمەت دەكەن، بە پێچەوانەوە لە بایكۆت و خۆپیشاندان بەردەوام دەبن.
لەو بارەیەوە گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، هەر سێ وەزیری خوێندنی باڵا، پەروەردە و دارایی بانگهێشتی لیژنەكەیان دەكەن، گرفتی ئەو كەسانەی مۆڵەتی خوێندنیان وەرگرتووە و بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان بەدەستهێناوە گفتوگۆی لەسەر دەكەن.
 باسی لەوەش كردووە، گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ وەزیری پەروەردە و وەزیری داراییش گفتوگۆ دەكەن و ئەوان داوا دەكەن ئەو شایستە داراییانەی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دیاریی دەكرێت لەكاتی خۆیدا و بێ كەموكورتی دابەش بكرێت، هەروەها گفتوگۆش لەبارەی دامەزراندن یان گرێبەست بۆ وانەبێژان دەكرێت. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group