وتەبێژی پارتی: دوو كورسیمان بە تاڵان بردراون

01/12/2021

نەوا-
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوو كورسی كە ئیستحقاقی یاسایی دوو كاندیدی  حزبەكەیان بوون بەتاڵان بردراون.
مەحمود محەمەد لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بۆیان دەركەوت دوو كورسی كە ئیستحقاقی یاسایی دوو كاندیدی پارتی بوون لە پارێزگاكانی هەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی هەڵوێستی پارتی لەبارەی ئەو كارە ناڕەوایە رادەگەیەنن.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە 33 كورسییەوە بووە بە 31 و دوو كورسی لە پارێزگاكانی هەولێر و نەینەوا دراون بە پاڵێوراوەكانی یەكێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستانی و بەوەش ژمارەی كورسیەكانی ئەو حزبە گەیشتوونەتە 18 كورسی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group