ئاس: یەكلایی بووەتەوە و مباپێ‌ مەدریدییە

04/12/2021 وەرزش

نەوا-
رۆژنامەی "ئاس"ی ئیسپانی ئاشكرای كرد، بابەتی پەیوەندی كردنی كیلیان مباپێی فەرەنسی بە یانەی ریاڵ مەدریدەوە یەكلایی بووەتەوە و وەرزی داهاتوو لە ریزەكانی ئەو یانەیە یاری دەكات.
ئاس لە زاری كەسێكی نزیكی ریاڵ مەدریدەوە بڵاویكردووەتەوە، مباپێی تەمەن 22 ساڵ خۆی یەكلایی كردووەتەوە و سورە لەسەر جێهێشتنی ریزەكانی یانەی پاریس سانجێرمان.
ئەوەش هاتووە، ئەستێرە فەرەنسییەكە متمانەی تەواوی بە پرۆژەی نوێی ریاڵ مەدرید هەیە و دڵنیایە لەوەی كە كۆڵەكەیەكی سەرەكی ئەو پرۆژەیە دەبێت، هەروەها لە ئێستادا ئەو تەواوكەری هەردوو ئەستێرەی یانە فەرەنسییەكە لیۆنێل مێسی و نیمار داسیلڤایە.
ئاس جەختی لەوەش كردووەتەوە، مباپێ‌ كاتێك زانیویەتی لە ریزبەندی حەوتەمین ئەستێرەی جیهاندایە لەكاتی دابەش كردنی خەڵاتەكانی باڵۆندۆر تووشی شۆك بووە، بەڵام لەگەڵ ریاڵ مەدریددا دەرفەتی ئەوەی هەیە خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی نازناوە تاكە كەسی و بەكۆمەڵەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group