شەڕ و پێكدادانی حەسەكە بەردەوامە

24/01/2022 جیهان

نەوا-
شەڕ و پێكدادانی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" و چەكدارانی داعش لە حەسەكە بەردەوامە و بەرپرسێكی یەپەگەش دەڵێت، داعش ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ و 100 خۆكوژی لە هێرشەكاندا بەكارهێناوە.
بەپێی زانیاریەكان، ماوەی 4 رۆژە شەڕ و پێكدادان لەناو زیندانی غوێران و دەوروبەری بەردەوامە و تاوەكو ئێستا 150 چەكدار و ئەندامی داعش كوژراون و لای خۆشیەوە هەسەدە بڵاویكردووەتەوە كە 27 شەڕڤانی ئەوانیش كوژراون، هەروەها دەیان چەكداری هەڵاتوو دەستگیر كراونەتەوە.
لای خۆیەوە سیامەند عەلی بەڕێوەبەری ئۆفیسی زانیاریی "یەپەگە" وتویەتی، ئەم هێرشە یەكێكە لە مەترسیدارترین هێرشەكانی داعش لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، داعش توانیویەتی ریزەكانی یەكبخاتەوە و هەموو تواناكانی بەكاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە.
رونیشیكردووەتەوە، داعش ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ و بۆمبڕێژكراوی بەكارهێناوە و 100 خۆكوژی بەكارهێناوە بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە و دۆخی نالەباری گرتووخانەكانیشی قۆستووەتەوە، شەڕ بەردەوامە و ئەوان خۆیان لەنێو هەندێك باڵەخانە و شوێنی دیكە شاردووەتەوە، بڵاوكردنەوەی هێزی دژەتیرۆریش بەردەوامە و ئەو شوێنانەی ئەوان كۆنترۆڵیان كردبوو بەهۆی بۆردوومانی ئاسمانییەوە بەسەریاندا رووخاوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group