ریاڵ مەدرید بەهرەمەندێكی تری بەڕازیلی بەدەستهێنا

25/01/2022 وەرزش

نەوا-
یانەی ریاڵ مەدرید توانی كێبڕكێیەكی تر لە یانەی بەرشەلۆنە بباتەوە و تواناكانی یاریزانێكی لاوی بەهرەمەندی بەڕازیلی بەدەستبهێنێت، كە بە جێگرەوەی رۆماریۆ ئەستێرەی پێشووی بەڕازیلی ناودەبرێت.
بەرنامەی "شرینگیتۆ"ی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە كێبڕكێدا بوون بۆ بەدەستهێنانی بەهرەمەندێكی بەڕازیلی یانەی پالمێراس بەناوی "ئێندریك" كە تەمەنی 15 ساڵە.
رونیشكراوەتەوە، ریاڵ مەدرید توانیویەتی لەگەڵ یانە بەڕازیلیەكەدا بگاتە رێكەوتن و دوای ئەوە یاریزانەكە تەمەنی دەگاتە 16 ساڵ دەتوانێت بیكڕێت، ئەوەش بەپێی بنەماكانی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی "فیفا"، هەروەها لە تەمەنی 18 ساڵیدا گرێبەستی لەگەڵدا دەكات.
ئێندریك خاوەنی تۆمارێكی تایبەتی گۆڵكردنە لە خولی بەڕازیلی و لە كۆی 174 یاریدا 168 گۆڵی تۆمار كردووە لەگەڵ تیمی تازە پێگەیشتووان، بەپێی رۆژنامەكان لە دوای دەركەوتنی نیمار دا سیلڤا، ئەم لاوە بەڕازیلییە زۆرترین سەرنجی لەسەر دەبێت، هەروەها بە رۆماریۆ ئەستێرەی پێشووی هەمان وڵات بەراورد دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group