ریاڵ مەدرید و لیڤەرپوڵ بەهۆی گەیشتنە یاری كۆتایی چەندیان دەستكەوتووە؟

07/05/2022 وەرزش

نەوا-
هەردوو یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی گەیشتنە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆیان لەو خولە دەستكەوتووە.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، یانەی ریاڵ مەدرید توانیویەتی 105 ملیۆن و 340 هەزار یۆرۆی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەستبكەوێت، ئەوەش دوای بردنەوەی لە هەریەكە لە یانەكانی پاریس سانجێرمان و چێڵسی لە خولی 16 و چارەكی كۆتایی و مانچستەر سیتی لە نیوەی كۆتایی، هەروەها 15 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆی دەستكەوتووە بەهۆی گەیشتن بە یاری كۆتایی.
ئەوەش هاتووە، گەورەترین دەستكەوتی خولەكە بۆ یانەی لیڤەرپوڵ بووە كە كۆی گشتی 155 ملیۆن و 800 هەزار یۆرۆی كۆكردووەتەوە، هەردوو یانەش لەسەر بردنەوەی یاری كۆتایی و بەدەستهێنانی 4 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆی تر دەجەنگن، ئەوەش سەرەڕای 3 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆی تر بۆ براوە، بەهۆی بەشداری كردن لە جامی سۆپەری ئەوروپی.
رۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، هەروەها بەهۆی گەیشتن بە نیوەی كۆتایی یانەی ڤیاڕیاڵ 84 ملیۆن یۆرۆ و مانچستەر سیتی زیاتر لە 63 ملیۆن یۆرۆیان دەستكەوتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group