"رێگەی دروست كردنەوەی ژمارە بانكیە بۆئەوەی قەرزەكان‌ پاكتاو بكرێن"

27/06/2022

پەرلەمانتارێكی كوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا حكومەتی هەرێم زیاتر لە 41 ملیار دیناری قەرزی وەرگرتۆتەوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەی لای هاووڵاتیان نوسراو بۆ كەفیلەكەی دەكات، بەڵام فشار ناكات بۆ وەرگرتنەوەی‌ ملیارەها دیناری‌ تری‌ خۆی‌ كە بەشێك لەوانە كۆمپانیای حزبەكانی دەسەڵات یان نزیك لەوانن.
راشیگەیاندوە، ئەگەرچی یاسای تایبەت بەمامەڵەی حكومەت لەگەڵ قەرزارەكان هەیە، بەڵام پاش دوو ساڵ لەیاسای‌ چاكسازی لەكۆی 969 ملیارو 402 ملیۆن و 815 هەزارو 849 دینار ‌حكومەت تائێستا تەنها 41 ملیارو 244 ملیۆن و 199 هەزارو 407 دیناری لە كۆمەڵێك بازرگان وەرگرتۆتەوە كە زۆرینەیان لە پەنای‌ حزبەكانی‌ دەسەڵاتدا بازرگانن.
گوڵپی لەبەشێكی تردا راشیگەیاندوە، حكومەتی هەرێم ئەگەر رێگەی دروست هەڵبژێرێت ئەوا دەبێت ژمارە بانكیەك بكاتەوە بۆ هەموو موچەخۆرێك بۆئەوەی قەرزەكانی‌ لەسەر پاكتاو بكرێت كە هاووڵاتی‌ قەرزاری‌ حكومەتەو حكومەتیش قەرزاری‌ هاووڵاتیە، هەروەها ئەو قەرزانەی‌ لای‌ بازرگان‌و كۆمپانیاكانن زۆر دەمێكە ماوەی‌ یاسایی‌ بۆ گەڕاندنەوەیان تێپەڕبوە، كەواتە بۆچی‌ چاوپۆشی‌ دەكرێت لەگرتنەبەری‌ رێكاری‌ یاسایی‌ لەڕێگەی‌ دادگاوە بۆ وەرگرتنەوەی‌ ئەو قەرزانە، ئەم خاترگرتنە لەبەر چی‌‌و لەبەر كێیە، بۆ دەبێت هاووڵاتی ناچار بكرێت بە گەڕاندنەوەی چەند ملیۆنە دینارێك، بەڵام لەبەرانبەر بازرگانێكدا بەو جۆرە مامەڵە نەكرێت كە بێجگە لە قەرزی ئاسانكاری سەدان دۆنم زەوی خۆڕاییشیان پێدراو دەیان ئاسانكاری تریان بۆ كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group