ئەدهەم بارزانی: پێشنیاز دەكەم پەرلەمان ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان قەدەغە بكات

06/08/2022

نەوا-
ئەدهەم بارزانی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی پارتی پێشنیار دەكات، پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك تەواوی بابەت و یاساكانی پەیوەست بە دیموكراسی و ئازادی و خۆپیشاندان قەدەغە بكات.
ئەدهەم بارزانی لە پەیامێكدا بڵاویكردوەتەوە، پێشنیار دەكات پەرلەمان پرۆژە یاسایەك بخاتە دەنگدان بۆ ئەوەی تەواوی بابەت و یاسایەكانی كە پەیوەستن بە دیموكراسی و ئازادی و پەرلەمان دەنگی لە سەرداوە، وەك ئازادی رۆژنامەگەری و بیروڕا و خۆپیشاندان قەدەغە بكرێن.
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا باسی لەوە كردووە، لەدوای پەسەندكردنی پڕۆژەكە جەماوەری داماو واز لە رۆژنامەنوسی و ئازادی بیروڕا دەڕبرین و خۆپیشاندان دەهێنن، چیتر ناگیرێت و ناڕفێندرێت و مۆبایلەكانیان نابردرێن و لە كۆتاییدا زیندانی ناكرێن، چونكە ئاگاداردەبن ئەم كارانە لە وڵاتی  سەدان هەزاران شەهیددا قەدەغە و یاساغە.
هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ناوچانەی جیهان، كە تێیدا ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی دەستگیر دەكرێن و زیندانی دەكرێن رێژەكەی بەرزە، ئەوەش بەبیانووی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی، تەنانەت لە چەند ساڵی رابردودا ژمارەیەك رۆژنامەنوس كوژراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group