سۆران عومەر: بەغدا پارەیەكی زۆری بۆ هەرێم ناردوەو كەچی دەوترێ قەرزارە

4 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامارێكی وەزارەتی دارایی بڵاودەكاتەوە سەبارەت بە ناردنی بودجە لە بەغداوە لەماوەی 16 ساڵی رابردودا هەروەها فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە لەماوەی  8 ساڵدا.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە، بەپێی نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی عیراق لەساڵی 2005 تاساڵی 2021 حكومەتی عیراق 87 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردوەو لەساڵی 2014ـەوە هەرێم بۆ خۆی بەبڕی 72 ترلیۆن دینار نەوتی فرۆشتوە، سەرەڕای ئەم پارەیە كە دەكاتە 160 ترلیۆن دینار جگە لەداهاتی ناوخۆ، دەوترێ هەرێم قەرزارەو توشی قەیران بوە. 
سۆران عومەر ئاماژەشیكردوە، بەپێی نوسراوی وەزارەتی نەوتی عیراق و بەپێی داتاكانی كۆمپانیای سۆمۆ، حكومەتی هەرێم لەساڵی 2014 تاكۆتایی ساڵی 2021 لەڕێگەی مینای جیهانەوە لەدەرەوەی سۆمۆ 1 ملیار و 135 ملیۆن و 646 هەزارو 105 بەرمیل نەوتی فرۆشتوە بەتێكڕا بایی 72 ترلیۆن و 157 ملیار دینار بوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكردوە، حكومەتی عیراق لەساڵی 2005ـەوە تاساڵی 2021 بڕی 87 ترلیۆن و 859 ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێم ناردوە، بەمجۆرە 51 ترلیۆن و 824 ملیار دینار بۆ موچەو 24 ترلیۆن و 933 ملیار بۆ بودجەی بەكاربردن و 11 ترلیۆن و 84 ملیاریش بۆ وەبەرهێنان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group