هۆشداری لە سەرهەڵدانی پەتایەكی نوێ دەدرێت

28/11/2022 هەمەڕەنگ

نەوا
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز هۆشداری داوە لەوەی، پەتایەكی كۆمەڵایەتی بڵاودەبێتەوە كە پەتای "تەنیایی كۆمەڵایەتی"یە و مەترسی ئەوە هەیە تاكەكان زیاتر بەرەو ئەوە بچن كە بە تەنها بژین بەتایبەتی چینی گەنجان.
رۆژنامە بەریتانییەكە لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە، بەپێی داتاكان لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو كەسانەی كە بە تەنها دەژین بەتایبەتی لەناو چینی گەنجاندا زیادی كردووە، ئەو كەسانە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكانیاندا یاخود كەسوكاریاندا ناژین و پشتیان پێ نابەستن.
بەپێی وتەی شارەزایان دەروونی، هەستكردن بە تەنیایی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ زیاتر هەست بە گومان بكات و مەیلی بۆ توندوتیژی بچێت، بەپێی راپۆرتەكە ئەو كارە مەترسی تەنها لەسەر تەندروستی دەروونی نییە بەڵكو مەترسی لەسەر تەندروستی جەستەش هەیە.
فاینانشیاڵ تایمز جەختی لەوەش كردووەتەوە، گەنجە تەنهاكان زیاتر تووشی هەڵسوكەوتە خراپەكان دەبن، وەك جگەرەكێشان و سیستمی خواردنی ناتەندروست، بەپێی توێژینەوەكان ئەو كەسانە زیاتر مەترسی توشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن و لاوازبوونی سیستمی بەرگرییان هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group