بە هەگبەی قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و راوەدوونانی گەندەڵەكاران، هەرەشەی چەككردنی میلیشیا زۆر و زەوەندەكان ، سنگ دەرپەراندن بەرامبەر عەراقچی ، بریارە عەلی زەیدی سبەی بچێتە كۆشكی سپی و لەوێ میوانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكابێت. ئەم سەرۆك وەزیرانە گەنجە تازە ناسراوەی دنیای سیاسەت كەبەهەفتەیەك بەر لەوەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات لەعیراقدا ، هیچ پەیوەندیەكی راستەوخۆی بەهیچ لایەنێكی سیاسیەوە نەبوو و رۆژێك لەرۆژان ئەندامی حیزب یان لیستی پەرلەمانی یان پۆستی حكومی نەبوە ، بەڵكو وەك بسنزمانێك كەبەرێژەیەكی سنووردار ناوەكەی دەهات و دەچوو، ئێستا بوەتە جێ سەرنجی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق و لەدوای سەردانەكەیشی بۆ واشنتن پێدەچێ جێپەنجەی زیاتر قایم بكات و دەسەڵات و پاوەری بچێتە قۆناغێكی نوێوە. ئەگەر كەمێك دیقەت بدەین دەبینین كە بەراورد بەسەرۆك وەزیرانی پێشتر ، پێدەچێ ئیدارەی ئەمریكا و خودی ترەمپ ئومێدی زۆریان لەسەر هەڵچنیوە و جگە لەپیرۆزباییە گەرمەكانی كۆشكی سپی و دەربرینی پشتیوانیە بەردەوامەكانی كە هەر لەسەرەتاوە بە ئازادكردنی ملیاران دۆلاری عیراق دەستی پێكرد ئەوەتا بەر لەتەواوكردنی دانانی ئەندامانی كابینەكەی پێشوازی لێدەكرێت، لەكاتێكدا كەهەریەك لە عەبادی، عبدالمهدی، كازمی و سودانیش لەكۆشكی سپی لەگەڵ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نەبینران. پرۆسەی دۆزینەوە و دانانی زەیدی كەبەفلتەری تۆم باراك- فائیق زیدان پاڵاوتەی بۆكراوە، لێكەوتەی توند لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی جێدەهێڵێت. چونكە لەلایەكەوە لەناوخۆی عیراق بەهەڵمەتی دەستگیركردنی دەیان بەرپرسی پلە باڵا لەپەرلەمانتار و وەكیل وەزیر و وەزیری كۆن و بەرێوەبەری گشتی تا خوارەوە دەستی كردوەتە ناو كونی زەردەواڵە و لەئاستی ئیقلیمیشدا بەوتنی ( ئایا ئێوە رێگەدەدەن من لەئێران گروپی چەكدار دروست بكەم بە عەباس عەراقچی ) مەیدانی ململانێكانی قوڵ و توندتر كردوەتەوە. ئەمە جگەلەوەی كەبەهەرەشەی چەكدانان بە میلیشیاكان و گەرانەوەی چەكەكانیان بۆ دەوڵەت تا كۆتایی ئەیلولی داهاتوو. وە نوێكردنەوەی رێكەوتنی ستراتیژی ئەمنی نێوان عیراق و ئەمریكا، گواستنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان بەغداد و واشتنتن لەئیدارەدانی قەیرانەوە بۆ هاوبەشی ئابووری درێژخایەن. زەیدی هێشتا لەبەغدایە و گەشتەكەی دەست پێنەكردوە، بەڵام ئەم بەلاداكەوتنە بێ چەندوچۆنەی عەلی زەیدی لەململانێ توندەكانی نێوان تاران و واشنتن و رانەگرتنی پارسەنگی نێوان هەردوولا، ئەگەر لەرووكەش و لەقوڵایدا وەك یەك بێت و جیاواز نەبن ئەوا ئاكامی ئەم كابینەیە باش نابێت و لەئایندەی نزیكدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.