ئەڵمانیا رەزامەندی دەربڕی بۆ ناردی تانكی پڵنگیی بۆ ئۆكرانیا

25/01/2023 جیهان

نەوا-
دەسەڵاتدارانی بەرلین رەزامەندیان دەربڕی بۆ ناردنی 14 تانكی لیۆپارد بۆ ئۆكرانیاو ئامادەیە لەڕێگەی وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە تانك لە كۆگاكانی ئەڵمانیاوە بۆ ئۆكرانیا بنێرێت، روسیاش هۆشداری لەوبارەیەوەدا.
مۆسكۆ تایمز بڵاویكردۆتەوە، كاربەدەستانی روسیا هۆشدارییانداوە لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕی دژی ئۆكرانیا لە كاتێكدا ئەڵمانیا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینكردنی تانكی جۆری (لیۆپارد 2) بۆ ئۆكرانیا، ئەویش لەپاش چەند هەفتەیەك كیێڤ و هاوپەیمانەكانی فشاریان لەسەر دانا.
لەلایەكی ترەوە كیێڤ پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەڵمانیا كردو بە هەنگاوی یەكەم لە پرۆسەی پڕچەككردنی ئۆكرانیا بە ئۆتۆمبێلە پێشكەوتوەكانی شەڕ ناوی برد، هەروەها وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنساو پۆڵەندا بەهەمان شێوە ستایشی ئەو هەنگاوەی ئەڵمانیایان كرد، بڕیاریشە بەرلین بە زوترینكات مەشق و راهێنان بە هێزەكانی ئۆكرانیا سەبارەت بە بەكارهێنانی تانكەكان بكات.
لەلایەنی خۆشیەوە سێرگی نێچایڤ باڵیۆزی روسیا لە ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند،  ئەم بڕیارە مەترسیدارەو ململانێكان دەباتە ئاستێكی نوێی روبەڕوبونەوەو دەبێتە هۆی مردنی سەربازانی روسیاو دانیشتوانی مەدەنیش، ئەڵمانیا گرنگی بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ قەیرانەكانی ئۆكرانیا نادات و دابینكردنی چەكی قورستریش بۆ ئۆكرانیا، زیانێكی قەرەبو نەكراو بە پەیوەندییەكانی روسیاو ئەڵمانیا دەگەیەنێت.
تانكی (لیۆپارد 2 ) دروستكراوی وڵاتی ئەڵمانیایەو بە یەكێك لە باشترینەكانی جیهان دادەنرێت و لە سەرانسەری ئەوروپا بەكاردێت، دەتوانرێت بە ئاسانی پارچەی یەدەگ و تەقەمەنییەكەی دەستبكەوێت.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group