هەر شوێنێك تانكی غازی شلی هەبێت دەبێت ناو تۆمار بكات

05/02/2023

نەوا-
قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی رایگەیاند: هەر ماڵێك یان دامەزراوەیەك تانكی غازی شلی هەبێت، دەبێت ناو تۆمار بكات.
لە راگەیەنراوێكدا قائیمقایەتی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە دانان و سیانەكردنەوەی سیستمی غازی شل، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوبەرو نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كۆبوەوە.
راشگەیەنراوە كە لە كۆبونەوەكەدا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی باسی لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردوە كە كاری كۆمپانیاكانی دانان و سیانەكردنەوەی سیستمی غازی شل و كاری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی دیاریكردوە.
راشیگەیاندوە، قائیمقامی سلێمانی تەئكیدیكردەوە كە پێویستە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیان و ماڵی هاوڵاتیاندا تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و كۆمپانیا تایبەتمەندەكان و هاوڵاتیان پابەند بن بە جێبەجێكردنیەوە.
هەروەها هاتوە، هەر ماڵێك یان دامەزراوەیەك یان تەلارو باڵەخانەیەك تانكی غازی شلی هەبێت پێویستە لە نزیكترین بنكەی بەرگری شارستانی ناو تۆمار بكات و پشكنین بۆ سیستمەكەی بكرێت هەر ماڵێك نوسراوی ناوتۆماركردنی پێنەبێت نابێت كۆمپانیاكان غازی پێبفرۆشن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group