بەهۆی رەگەزپەرستی دژی ڤینیسیۆس جۆنیۆر 4 كەس دەستگیر كران

23/05/2023 وەرزش

نەوا - 
پۆلیسی ئیسپانی ئاشكرای كرد، بەهۆی سوكایەتی رەگەزپەرستی دژی ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریزانی بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدرید و هەڵواسینی بوكەڵەی ئەو یاریزانە بە پەت لەمل كراوی، 4 كەس دەستگیر كراون.
لە یاری ئەم هەفتەیەی یانەی ریاڵ مەدرید و ڤالەنسیا لە یاریگای یانەی دووەم، لەلایەن هاندەرانی ڤالەنسیاوە رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر كرا و ئەوەش هەرایەكی گەورەی لەنێو یاریگادا و دواتر لە دەرەوەی یاریگا و جیهانیشدا دروست كرد و كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای روداوەكە پۆلیسی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، لەسەر روداوێكی هاتووچۆ كە لە مانگی یەكی ئەمساڵدا بەهەمان شێوە سوكایەتی رەگەزپەرستی دژی ئەو یاریزانە كرا و لەسەر پردێكی مەدریدی پایتەخت بوكەڵەی ئەو یاریزانە پەتی لەمل كرابوو و هەڵواسرا، 4 كەس دەستگیر كراون.
روداوە رەگەزپەرستییەكان لە یاریگاكانی ئیسپانیا دژی یاریزانە رەشپێستەكان بەردەوامن لە زیادبوون بە تایبەتی دژی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، رۆژی دووشەممە لە بەڕازیل پەیكەری گەورەی پێغەمبەر "عیسا" بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كارەبای كوژێنرایەوە ئەوەش وەك هاوسۆزییەك بۆ یاریزانە بەڕازیلییەكە.
دوای روداوەكەی یاریگای ڤالەنسیا، ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی و وەرزشەوان و یاریزان و سیاسی و راهێنەر ئیدانەی ئەو كارەیان كرد و داوای گرتنەبەری رێوشوێن دەكەن، ئیسپانیا بە یەكێك لە گەزپەرستترین وڵاتەكانی جیهان دادەنرێت و یاریگاكانی ئەو وڵاتە خەریكە دەبنە دۆزەخی یاریزانە رەشپێستەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group