گرانبەهاترین یاری كلاسیكۆ بەڕێوەیە

24/05/2023 وەرزش

نەوا-
پێشبینی دەكرێت ئەو یارییە كلاسیكۆیەی كە لە ئەمریكا بەڕێوەدەچێت گرانبەهاترین یاری مێژویی بێت كە هاوینی ئەمساڵ دەستپێدەكات.
ماڵپەڕی ماركا رایگەیاندوە، نرخی بلیتی یاری بەرشەلۆنەو ریاڵ مەدرید كە هاوینی ئەمساڵ لە شاری ئارلینگتۆن لە ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا دەستپێدەكات لە یاریگای AT&T پێشبینی دەكرێت گرانبەهاترین بێت لەڕوی نرخەوە كە لەنێوان 205 بۆ 1344 دۆلاردایە، بەبێ ژماردنی بلیتەكانی چەند كورسیەك.
باسی لەوەشكردوە، ریال مەدریدو بەرشەلۆنە لە هاوینی ئەمساڵدا جارێكی دیكە لە كلاسیكۆیەكدا یەكتر دەبیننەوەو رەنگە ببێتە گرانترین یاریی مێژو، پێشتر بلیتەكان خراونەتە بازاڕەوەو نرخەكانیش دیاریكراون كە نرخی تێكڕای 504 دۆلارە، ئەمەش بەبێ ژماردنی 40 بلیتی تایبەتی ناو یاریگاكە كە نرخی بلیتەكان لەنێوان 2500 بۆ 3102 دۆلاردایە.
ئاماژە بەوەشكراوە، یاریگای AT&T  یاری كلاسیكی تێیدا ئەنجام دەدرێت و توانای لەخۆگرتنی 80 هەزار هاندەری هەیە، سەقفێكی جوڵاوی هەیە كە لەماوەی 12 خولەكدا دەكرێتەوەو دادەخرێت، هەروەها گەورەترین شاشەی هەیە لەشوێنێكی وەرزشیدا كە روبەرەكەی زیاتر لە 1200 مەتر چوارگۆشەیە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group