دەنگۆی بەرزبونەوەی نرخی كارەبا رەتدەكرێتەوە

25/05/2023

نەوا-
وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، دەنگۆی بەرزبونەوەی نرخی كیلۆواتی كارەبا رەتدەكەینەوەو نرخەكە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتوە.
بڵاویشیكردۆتەوە، ئەو دەنگۆیە رەتدەكەینەوە كە نرخی هەر كیلۆواتێكی كارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار بەرزبوبێتەوەو كرێی كارەبا بۆ هاووڵاتیان لە هەموو شوێنێك بە بازاڕ و سیتییە ئاساییەكانیشەوە هەمان نرخی جارانە، بڕیاری بەرزكردنەوەی هەر كیلۆواتێكی كارەبا تەنها بۆ سیتییە گرانبەهەكانە كە بە سیستمی پریپەید كارەبایان هەیەو موەلیدەی ئەهلییان نییە.
باس لەوەشكراوە، سیستمی پریپەید تەنها بۆ زیاتركردنی كاتەكانی پێدانی كارەباو چارەسەركردنی گرفتی قەرزی كارەبایە كە بەهۆیەوە پێدانی كرێی كارەبا دەبێتە پێشوەختە، ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە نزیكەی 7400 مێگاوات، بەڵام ئێستا بەهۆی كێشەی سوتەمەنی و نەختینەوە كەمترەو 4200 مێگاوات بەرهەم دێت.
وەك راگەیەنراوە، سیستمی پریپەید بەشێكی زۆری ئەم كێشەیە چارەسەر دەكات، پرۆسەی سیستمەكە ماوەی ساڵێكە دەستیپێكردوەو تا ئێستا لەچەند شوێنێكی هەولێر و سلێمانی و دهۆك جێبەجێكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group