ژینگەی عیراق پرۆژەی روبەڕوبونەوەی گۆڕانی كەشوهەوای راگەیاند

10/06/2023 عێراق

نەوا-
وەزارەتی ژینگەی عیراق لایەنەكانی پڕۆژەی خۆگونجاندنی خێزانە گوندنشینەكانی باشوری عیراقی راگەیاندو دوپاتیكردەوە كە پرۆژەی دیكەیان دەبێت كە روبەڕوی گۆڕانی كەشوهەوا دەبێتەوە.
جاسم ئەلفەلاحی یاریدەدەری وەزیری ژینگە رایگەیاندوە، پڕۆژەی گونجاندنی خێزانە گوندنشینەكان لەباشوری عیراق یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی كە بە هاوكاریی نێوان وەزارەتی ژینگەو سەرچاوەكانی ئاو و كشتوكاڵ  و رێكخراوی جیهانی خۆراك و كشتوكاڵ   (FAO) دامەزراوە كە لەلایەن حكومەتی كەنەداوە دەستگیرۆیی دارایی دەكرێت.
ئەلفەلاحی وتوشیەتی: ئەم پڕۆژەیە رەگەزە بنەڕەتی و گرنگەكان كۆدەكاتەوەو گرنگی دەدات لەسەر زیادكردنی خۆڕاگری ئەو كۆمەڵگایانەی كە كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوایان لەسەرە بەتایبەتی كۆمەڵگا گوندنشینەكان، هەروەها  خۆڕاگری ژنان بەرامبەر بە گۆڕانی كەشوهەوا زیاتر گرنگی پێ دەدات بە تایبەت لە پارێزگاكانی واست، دیوانیە، بابل، كەربەلا و نەجەف.
یاریدەدەری وەزیری ژینگە راشیگەیاندوە، پرۆژەكە بۆ روبەڕوبونەوەیە بەرامبەر وشكەساڵی، تێكچونی زەوی، بیابانبون، و لەدەستدانی زەوییە كشتوكاڵییەكانە كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیان هەیە، هەروەها پڕۆژەكە چەند لایەنێك لەخۆدەگرێت كە گرنگترینیان گرنگیدانە بە خۆراك و ئاو و وزەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group