نەوا-
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای دەكات، لە هەر پێنج عێراقییەك یەكێكیان جگەرە دەكێشێت.
وەسیم كیلانی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامی كۆنتڕۆڵكردنی توتن لە وەزارەتی تەندروستی، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، بەمنزیكانە یاسای نوێ لە یاسای پاراستنی زیانەكانی توتن دەردەچێت، كە كۆتایی بە بڵاوبونەوەی جگەرەی ئەلیكترۆنی،" ڤایپ" لە عێراقدا دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، یاساكە بە یەكجاری هاوردەكردن و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیكترۆنی قەدەغە دەكات، هەروەها، یاسا نوێیەكە میكانیزمی ڕوون لەخۆدەگرێت، لەوانەش سزا و غەرامەكردن و دەستبەسەرداگرتنی ڤایپ بۆ هەر كەسێك، كە بوێری پێشێلكردنی یاساكە بكات.
ئەو بەرپرسەی تەندروستی هۆشداری دەدات و دەڵێت: بەشێوەیەكی بەرچاو لە ناو گەنجان و منداڵان و تەنانەت كچانیشدا بەربڵاوە.
ئاشكراشیكرد، لە هەر پێنج عێراقییەك یەكێكیان جگەرە دەكێشێت، بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی جگەرەكێشان لە پێشەنگی 10 هۆكاری سەرەكی مردن لە عێراقدایە.