نەوا-
مەیسەم سافی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، گەشتەكانی حەج لە فڕۆكەخانەكانی بەغدا، نەجەف، بەسرە، هەولێر، سلێمانی و كەركوكەوە دەستپێدەكات و نوێترین فڕۆكەی ئامادە كراوە، لەوانە بۆینگ 727، دریملاینەر و ئێرباس 787، كە فڕۆكەی فراوانی جەستەن و بە باشترین تایبەتمەندی نێودەوڵەتی دیاریكراون، لەگەڵ ئامادەكاری بۆ زیادكردنی فڕۆكەی زیاتر لە ئەگەری زیادبونی ژمارەی گەشتەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد، هۆڵی چاوەڕوانی تایبەت بۆ حاجیان دیاریكراوە، ئاسانكاری بۆ چونە ژورەوەیان بۆ ناو فڕۆكەخانەكان دەكرێت، هەروەها خزمەتگوزاری كوالێتی و ژەمی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بۆ دڵنیابون لە بەرزترین ئاستی ئاسودەیی دابیندەكرێت.
هاوكات عەممار ئەلتوفەیلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەفیش ڕایگەیاندوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێگەی فڕۆكەخانەكەوە یەكەمین گەشت بۆ حاجیان ئەنجامدەدرێت، كە تایبەتە بە هێڵی ئاسمانی عێراقی.
باسی لەوەشكرد، ژمارەی ئەو گەشتانەی لە فڕۆكەخانەوە بەرەو سعودیا ئەنجامدەدرێت دەگاتە 17 گەشت، بە تێكڕا 150 سەرنشین لە هەر گەشتێكدا.