ترەمپ: رێگە بە روسیا بدرێت بەشداری لە مۆندیالدا بكات

2 رۆژ پێش ئێستا وەرزش

نەوا-
سەرۆكی فیفا لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هیوای خواست روسیا بەشداری لە مۆندیالی 2026 دا بكات ئەگەر ئاشتی لە ئۆكرانیا بەدیبهێنرێت.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی نۆڤۆستی روسیا، دۆناڵد ترەمپ جەختیكردوەتەوە كە ئاگاداری قەدەغەكردنی بەشداریكردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی روسیا لە مۆندیالدا نیە، وتوشیەتی رێگەدان بە روسیا بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكەدا دوای كۆتاییهاتنی ململانێكان لە ئۆكرانیا دەتوانێت هاندەرێكی باش بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانە.
لای خۆیەوە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆكی فیفا لە میانی دیدارەكەیدا لەگەڵ ترەمپ باسی لەوەكردوە، هیوادارە كە روسیا بەشداری لە مۆندیالی 2026 دا بكات ئەگەر ئاشتی لە ئۆكرانیا بەدیبهێنرێت ئەمە ئەگەری رودانی دەبێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەی ئیندیپێندنت بڵاویكردەوە، یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا دەستیكردوە بە هەنگاونان بۆ گەڕاندنەوەی هەڵبژاردەكانی روسیا بۆ پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها رونیشیكردۆتەوە كە هەندێك كەسایەتی دیار لە جیهانی تۆپی پێدا پشتگیری لە گەڕانەوەی دەستبەجێی روسیا دەكەن.
جێی ئاماژەیە لەمانگی ئازاری 2022ـەوە یانەو هەڵبژاردەكانی روسیا لە هەمو پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتییەكان قەدەغە كراون، ئەمەش لە ئەنجامی سزاكانی فیفاو یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپایە بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group