نەوا-
وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، داهاتی یەك مانگی پارێزگای سلێمانی لە دەوروبەری 120 ملیار دیناردایەو سەرۆك وەزیرانی عیراقیش رەخنە لە ناردنی داهاتی ناوخۆ دەگرێت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی روداو، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی عیراق وەڵامی لێدوانێكی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی دایەوە كە رایگەیاندبو، نیوەی پارەی كاشی عیراق لەسلێمانیە، وەزیری دارایی لەوبارەیەوە وتی: داهاتی مانگێكی سلێمانی لەداهاتی ناوخۆ لەدەوروبەری 120 ملیاردایە، دەبێت داهاتی كاشی عیراق 120 ملیار بێت؟.
لەبارەی ئەوەی چ شارێك زۆرترین داهاتی ناوخۆی هەیە وەزیری دارایی وتی: بەهۆی گومرگی ئیبراهیم خەلیلەوە دەتوانین بڵێین دهۆك، لە رێگەی میزانی موراجەعەشەوە زانیاریم لەسەر داهاتی دەروازە سنورییەكان هەیە بە وردی و میزان موراجەعەش 100% یەكسانە بە داهاتی راستەقینە. وەزیری دارایی راشیگەیاند، داهاتی راستەقینە لەلای من ئەوەیە لە كەناڵە رەسمییەكانەوە دێتە ناوەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە میانی سەردانی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندوە، هەرێمی كوردستان هیچ پابەندییەك جێبەجێ ناكات، پێشتر 91 ملیار داهاتی نانەوتیان نارد دوایی كردیان بە 50 ملیارو دواتریش كەمیانكردەوە تا 48 ملیار ئەمەش یاریكردنە بە سیستم و یاساو قابیلی قبوڵ نییە.
ئەم لێدوانەی سودانیش لەمیانی پرێس كۆنفرانسێكدا ئاشكرا كرا كە موسەننا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكی وەزیرانی عیراق ئاشكرا كرد.