باڵیۆزانی یەكێتی ئەوروپا بۆ سودانی: پشتیوانین بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغدا

4 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا-
سەرۆك وەزیرانی عیراق و باڵیۆزانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كۆبونەوەو تەوەرێكی تایبەت بوە بەچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەندامانی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە لەكۆبونەوەكەدا سودانی باسی لە گرنگی هاوبەشیی لەنێوان عیراق و وڵاتانی دۆستكردوە بەتایبەت وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەندامانی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سودانی رونیكردوەتەوە كە حكومەتی عیراق لەهەوڵی چارەسەركردنی دۆسیەكانی ناوخۆدایە بەپێی رێكارە یاسایی و دەستورییەكان كە دادپەروەریی و یەكسانی لەنێوان سەرجەم هاوڵاتیاندا بەدیدەهێنێت.
لەلایەن خۆشیانەوە باڵیۆزانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رۆڵی هەرێمیی و نێودەوڵەتی عیراقیان بەرزنرخاندوە لە ناوچەكەدا، تەئكیدیشیان كردوەتەوە لە پشتیوانیكردنی حكومەتی عیراق لەچارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆو دۆسیە كارگێڕییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتوشیانە هەنگاو دەنێن بەئاڕاستەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، هەروەك خواستی وڵاتانی ئەوروپاشیان بۆ فراوانكردنی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانییەكان لەگەڵ عیراقدا دوپاتكردوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group