فوئاد حوسێن هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

11 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپا لە ئەگەری شەپۆلێكی نوێی كۆچبەران و بەرزبوونەوەی نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ 300 دۆلار، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات.
 فوئاد حوسێن رایگەیاند، بەردەوامیی جەنگ و ململانێ لە ناوچەكە و داخستنی گەرووی هورمز، لەوانەیە ببێتەهۆی شڵەژانێكی ئابووریی مەترسیدار،ئاماژەی بەوەش كرد، دەكرێ داخستنی گەرووی هورمز نرخی نەوت بۆ 200- 300 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرز بكاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە وڵاتانی ئەورووپا و پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتیش بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری وەك عێراق ئاڵۆزتر دەكات.
 باسی لەوشكرد، داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە وادەكات بازاڕی نەوت رۆژانە نزیكەی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی كەنداو و عێراق لەدەست بدات.
 وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: زیادبوونی تووندوتیژییەكانی جەنگ لەوانەیە ببێتە پاڵنەر بۆ دەستپێكردنی شەپۆلی نوێی كۆچبەران بەرەو ئەورووپا"، بۆیە داوای هەوڵێكی نێودەوڵەتیی جیدی كرد بۆ چارەسەركردنی هۆكارەكانی گرژی و راگرتنی پێشهاتەكان لە رێگەی چارەسەری دیپلۆماسییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group