داوای ئەنجامدانی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عیراق دەكرێت

15 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق دەكرێت دانیشتنێكی بەپەلەی نائاسایی رێكبخات سەبارەت بە بەكارهێنانی ئاسمانی عیراق بۆ هێرشەكان و یەكلاییكردنەوەی ململانێكان.
موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردوە دانیشتنێكی بەپەلەی نائاسایی ئەنجامبدات بۆ تاوتوێكردنی كاردانەوەكانی پەرەسەندنی مەترسیداری سەربازی لەناوچەكەو دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی ئاسمانی عیراقەوە، كە بەپێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی و هەڕەشەی راستەوخۆی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات زانیوە.
مەندەلاوی باسی لەوەشكردوە، ئەم سەرپێچییە مەترسیدارە ناتوانرێت قبوڵ بكرێت و چاوپۆشی لێ بكرێت، پێشێلكردنی ئاسمانی عیراق بۆ ئەنجامدانی هێرشی شەڕانگێزانە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ پێشینەیەكی لەڕادەبەدەر مەترسیدارە، هەڕەشەی راكێشانی عیراقیشە بۆ ناو ململانێیە ناوچەییەكان كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ناكەن و پاڵپشتیكردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكەدا ناكات.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ئاماژەشیكردوە، ئەنجومەنی نوێنەران بەتەواوەتی رەتیدەكاتەوە عیراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان، سەروەری عیراق ملكەچی سازش و دوبەرەكی نیەو ئاسایشی نەتەوەیی لەسەروی هەمو رەچاوكردنێكەوەیە، داواشی لە حكومەتی عیراق و وەزارەتەكانی دەرەوەو بەرگری و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردوە بەپەلە هەوڵە دیپلۆماسی و یاساییەكان سەبارەت بەئەنجامی سكاڵای فەرمی پێشكەش بەئەنجومەنی ئاسایش لە دژی قەوارەی زایۆنیستی چڕ بكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group