نەوا-
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، حكومەتی هەرێم دەیەوێت لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات بەشێوەی ریشەیی نەك مانگانە ئەو كێشانە دوبارە ببنەوە.
ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری عیراق لە لێدوانێكدا بەماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە، وەك هەرێمی كوردستان دەیانەوێت لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت، بەڵام بەغدا پابەندی رێككەوتنەكان نابێت، ئەگەرنا حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی هەمو رێككەوتنەكانەو ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردوە.
ئاماژەشیكردوە، بەغدا بەردەوام بیانو بە هەرێمی كوردستان دەگرێت لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان و نەوت، هەموشی بیانوەو وەك كارتێكی فشارە بۆ مەرامی سیاسی لەسەر هەرێمی كوردستان، چونكە لە هەڵبژاردن نزیكبونەتەوەو دەیانەوێت بەو جۆرە دەنگی زیاتر لە عیراق بەدەستبهێنن.