مونا یاقۆ: ئەو بەیاننامەیەی بڵاوبۆتەوە رای فەرمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە

20 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
دەربارەی دەركردنی دوو بەیاننامەی جیاواز سەبارەت بە روداوەكانی لالەزار سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
لە بەشێكی رونكردنەوەكەی مونا یاقۆ سەرۆكی دەستەكەدا هاتوە،  لە هیچ قۆناغێكی ژیانیدا سەر بە هیچ حیزبێك نەبوە هەر لە سەرەتاوە ئامانجی لە كاركردن لە دەستەی مافی مرۆڤ و پراكتیزەكردنی پسپۆڕییەكەی و خزمەتكردنی هاوڵاتیان بوە دور لە حیساباتی سیاسی، لەماوەی چوار ساڵی كاركردنیدا پەرۆشبوە بۆ جێگیركردنی پرەنسیپی یەكڕیزی و كاركردن بەشێوەیەكی تەواو بێ لایەنانە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بەدوداچونی كێشەكان لە شارە جیاجیاكانی هەرێمدا.
سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ راشیگەیاندوە، ئامانجی سەرەكیان هەمیشە دەستنیشانكردنی پێشێلكاریەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بوە، پێوەرە سەرەكییەكەیان رازیكردنی ویژدان بوە نەك هیچ لایەن و كیان و تاكێك. 
مونا یاقۆ باسی لەوەشكردوە، كاتێك روداوەكانی لالەزار رویدا، هاوكارەكانی راسپاردوە بۆئەوەی لەنزیكەوە چاودێری بابەتەكە بكەن، هەروەها دەستپێشخەری داواكارییەكی فەرمی كردوە بۆ سەردانی گیراوانی سلێمانی، لەبەرئەوەی ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكان داوای رونكردنەوەیان لەسەر ئەو بابەتە كردبو، بێئەوەی پەیوەندی بەلایەنی حزبیەوە هەبێت ئەو بەیاننامەیەی دەستە كە لە لاپەڕەی فەرمی بڵاوبۆتەوە رای فەرمی دەستەیەو بە راوێژ دەرچوە، لەسەر بنەمای هاوكاری لەگەڵ دەستەكەو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانە، نەك ئەوەی دەستە بكرێتە لایەنێك لەهەر ململانێیەكی سیاسیدا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group