نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، هێزەكانیان بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزور توانیان سێ تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب كە تەمەنیان لەنێوان 14 ساڵان بۆ 17 ساڵانە دەستگیربكەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزور توانرا سێ تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب كە تەمەنیان لەنێوان 14 ساڵان بۆ 17 ساڵانە دەستگیربكرێن، لەماوەی ڕابردودا هەستاون بەدزیكردن لە سندوقی خێری لە دو مزگەوتی ناوشاری هەڵەبجە.
باسی لەوەشكرد، پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان ناوە بەتاوانێكی دیكەدا كە شكاندن و بردنی پارەی ناو سندوقی هاوكاری بۆ نەخۆشخانەی هیوا لەنێو ماركێتێكدا.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەبەوەشدراوە، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەكەیانداناوە لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.