نەوا-
ئەنجومەنی دەوڵەت یەكلاییكردنەوەی پرسی رادەستكردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستانی بۆ دوو رۆژی داهاتو دواخست.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كەناڵی كوردستان 24 بڵاویكردوەتەوە، ئەنجومەنی دەوڵەت رۆژی سێشەممەی داهاتو 16/9ی دیاریكردوە بۆ پێداچونەوەو پێدانی راوێژی یاسایی بەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەبارەی كێشەی داهاتی نانەوتی لەنێوان هەردو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستاندا.
راشگەیەنراوە، ئەنجومەنی دەوڵەت داوایكردوە لەكۆبونەوەی داهاتودا دوو راوێژكاری وەزارەتی دارایی و ئابوریی و دادی هەرێمی كوردستان ئامادەبن تا بتوانن بەیەكەوە وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران بدەنەوە.
پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەكۆبونەوەی ئاساییدا بڕیاریدا دۆسیەی رادەستكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بنێرێت تا بڕیار لەسەر چۆنیەتی و چەندێتی رادەستكردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغدا بدات.