لیژنەی باڵای ئارامی سلێمانی چەند بڕیارێكی دەركرد

2 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەرپەرشتی كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كردو لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرا كراوە كە لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەسەر یاساو رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق و لیژنەی باڵای ئارامی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی كراوەتەوە لەگەڵ پابەندبون لەسەر یاساو ڕێنمایی و ڕێكارەكانی پێشو.
هەر لە كۆبونەوەكەدا چەند بڕیارێك دەركراون لەوانە، پێویستە هەمو كاندیدو لیست و قەوارە بەشداربوەكانی هەڵبژاردن پابەندی تەواوی یاساو بڕیارو رێنمایی و راسپاردەكان بن و سەرۆكایەتی شارەوانی شارەكان بەهەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی رێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەكات، هەر كاندید و لیست و قەوارەیەك سەرپێچی بكات غەرامە دەكرێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندنی كۆبونەوەكەی لیژنەی باڵای ئارامی پارێزگای سلێمانیە:-
"ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی کرایەوەو لەگەڵ پابەندبوون لەسەر یاسا و ڕێنمایی و ڕێکارەکانی پێشوو، ئەم ڕێنماییانەش پەسەندکران بەمەبەستی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و هاوسەنگ و هەڵبژاردنێکی دروست و تیوار:
ئاماژە بە فەرمانی وەزاریی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٢٢٢٧٣/ک) لە (٢٢/ ٧/ ٢٠٢٥) و، کۆبوونەوەی ڕۆژی (٥/ ٨/ ٢٠٢٥)ی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و، فەرمانی کارگێڕیمان ژمارە (٩٦) لە (٢/ ١٠/ ٢٠٢٥) و کۆبوونەوەی ڕۆژی (٦/ ١٠/ ٢٠٢٥)ی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ لە شاری هەولێر بە سەرۆکایەتیی بەڕێز وەزیری ناوخۆ و، کۆنووسی پەسەندکراوی کۆبوونەوەکە بە ژمارە (٣٠٩٤٩) لە (٦/ ١٠/ ٢٠٢٥) و، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری سلێمانی لە ڕۆژی (٨/ ١٠/ ٢٠٢٥)دا، بڕیاردرا بە:
١) پێویستە هەموو فەرمانگا و دامەزراوە حکومییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ، پابەندی تەواوی بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنووسی پەسەندکراوی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ، ژمارە (٣٠٩٤٩) لە (٦/ ١٠/ ٢٠٢٥) و بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و یاسا و بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ بن، بەپێی ئەرک و تایبەتمەندیی دیاریکراوی خۆیان.
٢) پێویستە هەموو کاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، پابەندی تەواوی یاسا و بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی خاڵی (١)ی ئەم نووسراوە بن.
٣) سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، ڕێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەکات، هەر کاندید و لیست و قەوارەیەک سەرپێچی ئەو ڕێنماییانە بکات، لەلایەن سەرۆکی یەکە کارگێڕی و بەتایبەتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکانەوە (غەرامە) دەکرێن.
٤) کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و ئۆفیسەکانیان لە پارێزگاکاندا سزای یاسایی و غەرامەی دارایی هەر کاندیدێک دەکەن، کە دامەزراوە حکومیی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنن، یان کەلوپەل و کەرەستەی دامەزراوە حکومییەکان بەکاربهێنن.
٥) وێنەگرتنی کارتی دەنگدان و بردنە ژورەوەی مۆبایل و هەر هۆکارێکی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٦) لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵەوە بنکەی چاودێریکردنی بانگەشە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دیاریکراوەو سەرپێچیکار بەپێی ڕێنماییەکانیان تاڕادەی دورخستنەوەی کاندیدەکان لە کاندیدبوون دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییەکان بن.
٧) هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ مافی چاودێریکردن و سەردانیکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی نابێت.
٨) پێویستە چاودێر و ڕاگەیاندنکار و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکیی و نێودەوڵەتییەکان، باجی ڕێپێدانی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵیان هەبێت.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
سەرۆکی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ
٨/ ١٠/ ٢٠٢٥"

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group