داری چیاكانی كوردستان بە تاڵان دەبرێت و ژینگەكەی وێران دەكرێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی CPT لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، داری چیاكانی كوردستان بە تاڵان دەبرێت و ژینگەكەی وێران دەكرێت و لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە، سوپای توركیا هەڵمەتێكی فراوانی بڕینەوەی دارستان و پارچە پارچەكردنی دارەكانی كوردستانی لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین، لە سنوری قەزای ئامێدی دەستپێكردوە، دارەكان بە شۆفڵ و حەفارە دەردەهێندرێن و بە ئامێری بڕەڕی پێشكەوتو پارچە پارچە دەكرێن.
باسی لەوەشكردوە، تەواوی دارەكان بە تراكتۆری مەدەنی، دەگوازرێنەوە بۆ ناو توركیا و بەشێكی بۆ سوتەمەنی سودی لێوەردەگیرێت، بەشە زۆرەكەشی بۆ دروستكردنی كورسی و قەنەفە و كەلوپەلی لە تەختە دروستكراوی ناو ماڵ لەلایەن كارگەكانی توركیاوە بەكاردەبرێن و دواتر ئەم كەلوپەلانە دەنێردرێنەوە ناو بازاڕەكانی كوردستان و بە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێن!.
ئەندامەكەی تیمی كوردستانی عێراقی CPT ڤیدیۆی كاتی گواستنەوەی دارە تاڵانكراوەكانی ناوچەی زاپە بۆ ناو خاكی توركیا بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی، پاراستنی سنور و ژینگە و دارستانەكانی كوردستان لە بەرنامە و پرۆگرامی چ حزبێكی كوردستانی دایە؟! لەبەر شەڕە پەڕۆی هەڵبژاردن و دروشمی ڕەنگا و ڕەنگ، كام حزب ئاگای لە وێرانكردنی ژینگەی سەوزی كوردستانە.