بڕیارە شاندێكی حكومەت و بازرگانانی یۆنان سەردانی هەرێم بكەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
گەیلان سەعید سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەولێرو نیكۆڵۆس ستێرگیولاس كونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەولێرو پاشكۆی بازرگانی لە كونسوڵگەری ناوبراو كۆبونەوەو هەماهەنگی نێوان ژووری بازرگانی هەولێرو كونسوڵگەری گشتی یۆنانیان تاوتوێكردوە بەئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەكانی نێوان هەردولا.
لە راگەیەنراوێكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەولێردا هاتوە، كونسوڵی یۆنان لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتو شاندێكی باڵای حكومەت و بازرگانانی یۆنان سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، جگە لەكۆبونەوە هەوڵی رێكخستنی كۆنفرانسێكی بازرگانی نێوان خاوەنكارو كۆمپانیاكانی هەردولا دەدەن.
ئەوەشی خستوەتەڕو كە هەوڵی سەرنج راكێشانی زیاتری كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی یۆنان دەدەن بۆئەوەی رو لە هەرێمی كوردستان بكەن، لەلایەن خۆشیەوە سەرۆكی ژوری بازرگانی هەولێر پاڵپشتی و پشتگیری نیشانداوە بۆ هەمو هەوڵێك كە ببێتە هۆی پەرەپێدانی پەیوەندیە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یۆنان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group