ڕێباز حەملان: چاوەڕوان دەكەن بەغدا پارەی موچەی مانگی هەشت ڕەوانە بكات

6 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان تەواوی پابەندیەكانی خۆی جێبەجێ كردوەو چاوەڕوان دەكەن بەغدا پارەی موچەی مانگی هەشت ڕەوانە بكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان 120 ملیار دیناری رەوانەی بەغدا كردوە و لە كۆبونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی پارەكەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دراوە، بەڵام تائێستا پارەكە ڕەوانە نەكراوە و چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی ئایندە بنێردرێت.
ڕێباز حەملان باسی لەوەشكرد، قسەو باسی ئەوە هەیە كە بەغدا كێشەی سیولەی هەیە، لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق دەستیكردوە بە دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی خۆیان، بەڵام هەمو موچەی هەرێمی كوردستان هێندەی موچەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق نابێت.
ئەوەشی خستەڕو، چەند ڕۆژێكە حكومەتی هەرێم بە چڕی لەسەر هێڵە لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوو موچە دابەشبكرێت، واتا موچەی مانگەكانی هەشت و نۆی ئەمساڵ.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group