نەوا-
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان پێشوازی لەنوسراوێكی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریی عیراق دەكات كە تایبەتە بە سڕینەوەو هەڵوەشاندنەوەی نوسراوێكی پێشوتری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كە ئازادیی رادەبڕینی لە میدیاو پلاتفۆرمە ئەلكترۆنییەكاندا دەخستە ژێر رەحمەتی لێشاوی سكاڵاكانی داواكاری گشتییەوە.
سەنتەری میترۆ لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، نوسراوە گشتێنراوەكەی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریی جێگەی خۆشحاڵییە كە جەخت لە رێزگرتن لە ئازادیی رادەربڕینی دەستەبەركراو لە دەستوری هەمیشەییدا دەكاتەوە، هەروەها سزای بەرپرسێكی دادوەریی داوە كە بەناوی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە كۆنوسێكی بەو جۆرە داڕشتوە كە داواكارە گشتییەكان ئاڕاستە دەكات بۆئەوەی سكاڵای یاسایی دژی ئەوانە بجووڵێنن كە لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بانگەشە بۆ روخاندنی رژێمی سیاسیی عیراق و لەقكردنی شەرعیەتەكەی دەكەن.
سەنتەری میترۆ جەختیشیكردوەتەوە، ئازادیی رادەربڕین مافێكی خۆڕسكەو بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و دەستوری هەمیشەیی عیراق دەستەبەر كراوە، بۆیە ناكرێت بە هیچ پاساوێك و لە هیچ بارێكدا بەرتەسك بكرێتەوە.