نەوا-
سەرۆكایەتی داواكاریی گشتی هەرێم بڵاویكردەوە، دادوەر محەمەد غفور سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەكی ئەنجامداوە لەگەڵ جێگری پارێزگاری هەولێرو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كشتوكاڵ و ژینگەی هەولێر بەئامادەبونی ژمارەیەك لەئەندامانی داواكاری گشتی، تیایدا تاوتوێی چۆنیەتی رێگریكردن كراوە لەگرفتی ئاودانی سەوزەو روەكی خۆراكی تر بەئاوی قورس كە لەلایەن هەندێك كەس ئەو كارە ئەنجام دەدرێت كە پێچەوانەی یاساو رێنماییە پەیوەندیدارەكانە.
راشگەیەنراوە كە لە كۆبونەوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپێناو سەروەری یاساو پاراستنی تەندروستی گشتی، بڕیاریشدراوە كە كۆبونەوەی تر ئەنجام بدرێت تاكو لایەنی پەیوەنداری تریش بەشدار بێت و دیدو پێشنیارەكان كۆبكرێنەوە بۆ چارەسەری یەكجاری ئەو گرفتە.