فایەق زێدان: رێكاری یاسایی بەرانبەر هێرشكارانی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان دەگرینە بەر

3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پێشوازی لە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی رێكارە دادوەری و یاساییەكان كرا بەرانبەر ئەنجامدەرانی تاوانە تیرۆریستییەكان، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر نێردە دیپلۆماسییەكان , دامەزراوە دەوڵەتییەكان و هاووڵاتییان لە عێراق.
كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و وەزیری دەرەوەی عێراق لە كاتێكدایە، كە شەوی رابردوو هەوڵێكی دیكە بۆ بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێمی كوردستان تێكشكێنرا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، شەوی دووشەممە 9ی ئادار، كاتژمێر 10:24 هێزەكانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژكراویان لە ئاسمانی هەولێر تێكشكاند و خستە خوارەوە.
هەروەها، پارچە و پاشماوەی یەكێك لە درۆنە تێكشكاوەكان لە نزیك كونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر كەوتووەتە خوارەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانیی لێ نەكەوتووەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group