نەوا-
كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان رایگەیاندوە، بەهۆی هێرشە ئەلكترۆنییەكانەوە كاری میدیایی لە رێی سۆشیال میدیاوە بۆ سلێمانی لەبار نییە، چونكە هێرشە ئەلكترۆنییەكان بە گشتی بۆ سەر میدیاكانی سنوری سلێمانییە.
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ئاماژەشیكردوە، بە دەستی ئەنقەست ئەو پەیج و میدیایانەی بەشێوەیەكی گشتی لە سنوری سلێمانین بۆئەوەی دەنگیان نەچێتە شوێنەكانی دیكە هێرشی ئەلكترۆنیان دەكرێتەسەر كە ئەمەش پێشێلكاریە بەرامبەر بە یاسای كاری رۆژنامەوانی و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری.
وتوشیەتی: كۆمەڵێك راسپاردەیان بەرزكردوەتەوەو لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە داوایانكردوە فەرمانگەی میدیاو زانیاری كە لایەنی حكومیە پێویست دەكات بێتە سەرخەت بۆئەوەی بزانن بۆچی هەر میدیاكانی سلێمانی ئەو كێشەیەیان هەیەو چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوەو رێگری لەو هێرشە ئەلكترۆنیانەو كێشە ئەلكترۆنیانەی وەك باندو هاك و كۆپی رایت هەیە بكرێت.